یه‌که‌مین مۆبایلی تیشکی خۆر له جیهان به نرخی 40 دۆلار له لایه‌ن گروپی چینی ZTE خرایه‌ڕوو.
ئه‌م مۆبایله 4 مانگی تر ده‌خرێته بازاڕ که وزه‌ی پێویستی له پاتری تایبه‌ت به وزه‌ی تیشکی خۆر وه‌رده‌گرێت که له پشته‌وه‌ی مۆبایل دانراوه و قه‌باره‌ی 3 له 7 سانتی مه‌تره.
به گوته‌ی کۆمپانیای به‌رهه‌م هێن، شارژی یه‌ک کاتژمێر وزه‌ی پێویست بۆ 15 خوله‌ک قسه‌کردن ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. هه‌رچه‌نده ده‌کرێت به ڕێگای کاره‌باش ئه‌م مۆبایله شارژ بکرێته‌وه.
له لایه‌کی تر کۆمپانیای سامسۆنگ له پێشانگای ساڵانه‌ی مۆبایل له به‌رشلۆنه، ڕایگه‌یاند که توانیویانه مۆبایلێکی تیشکی خۆر به ناوی Blue Earth به‌رهه‌م بێنن، به هه‌مان شێوه‌ش کۆمپانیای LG مۆبایلێکی هاوشێوه‌ی به‌رهه‌م هێناوه، به‌ڵام هه‌تا ئێستا ورده‌کاری ئه‌م به‌رهه‌مانه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه.