سیسته‌می سیمبیان له مۆبایله‌کانی نۆکیا، که‌وتنه به‌ر مه‌ترسی هێرشی کرمێک که له ڕێگای کورته‌نامه و ئینتێرنێت، دێته ناو مۆبایل و په‌کی ده‌خات.
کۆمپانیای بواری پاراستنی فۆرتینت، هۆشداری دایه به‌کار هێنه‌رانی مۆبایلی نۆکیا که ئاگاداری ئه‌م مه‌ترسییه بن.
کرمی SymbOS/Yxes.A هێرش ده‌کاته سه‌ر مۆبایله‌کانی ڤێرژنی سێیه‌می S60 له کۆمه‌ڵه‌ی سیمبیان، ئه‌م ڤێرژنه له مۆدێله‌کانی نۆکیا 3250 و نۆکیا N73 به‌کار هاتووه و له‌وانه‌یه له چه‌ندین نموونه‌ی تریش کاری پێ کرابێت.
هه‌تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ک له‌سه‌ر ئاستی تووشبوون به‌م ڤایرۆسه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه و بۆ یه‌که‌م جاریش ئه‌م ڤایرۆسه له کیشوه‌ری ئاسیا دۆزرایه‌وه.
به گوته‌ی کۆمپانیای فۆرتینت، ئه‌و کاته‌ی که به‌کار هێنه‌ر کلیک له‌سه‌ر Yxes ده‌کات که کورته نامه‌یه‌کی تێدایه، ئیتر تووشی کێشه‌کانی تایبه‌ت به‌م ڤایرۆسه ده‌بێت.
ئه‌م ڤایرۆسه چه‌ندین به‌شی گرنگی مۆبایل له‌کار ده‌خات و زانیارییه‌کانی ده‌دزێت و ده‌ینێرێته ناو سێرڤێرێکی تایبه‌ت به تاوانباران و ئه‌وانیش به پێی پێویستییان سوود له‌و زانییارییانه وه‌رده‌گرن.
شایانی باسه ئه‌م ڤایرۆسه به پێی ڕاگه‌یاندنی پسپۆڕانی بواری پاراستن زۆر پێشکه‌وتووه و وه‌کوو هه‌ست ده‌کرێت سه‌ره‌داوی ڤایرۆسه‌که‌ش له وڵاتی چینه و سێرڤێری تاوانبارانیش هه‌ر له‌و وڵاته‌دایه.